کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات؛ وادەی کۆبوونەوەی داهاتووشیان ئاشکرا کرا
کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشیی تەکنیکی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات و ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە کۆ دەبنەوە.
نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 13:30 خولەکی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، کۆبوونەوەی شاندی هاوبەشیی تەکنیکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە شاری هەولێر کۆتایی هات.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ شاندی باڵای هەردوولایەن بەرز دەکرێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، 09-01-2025، جارێکی دیکە هەردوو شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە شاری هەولێر کۆ دەبنەوە.
ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی بوو سەبارەت پێکهێنانی کابینەی دەیەم. یەکەم کۆبوونەوە ڕۆژی 30ـ11-2024، لە سلێمانی و دووەمیشیان لە 17-12-2024 لە پیرمام بەڕێوە چوو.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.