پێنج تووشبووی كۆرۆنا لە ھەولێر باری تەندروستیان ناجێگیرە
ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەڵكشانە
K24 - ھەولێر
پێنج كەسی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رزگاری ھەولێر باری تەندروستیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕدان.
د. بۆتان عەبدولقادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری لە ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێنج تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكەمان لەژێر چاودێری چڕدان و باری تەندروستیان ناجێگیرە".
گوتیشی: "ژمارەی تووشبووانە لە ھەڵكشانە و رۆژانە دەھێندرێنە نەخۆشخانەی رزگاری، دوێنێش ژمارەیەكی دیكە ھێنراون".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری ئاماژەی بەوەشدا: "بەشێك لە تووشبووان تەندروستیان باشە و ئەمڕۆش پشكنین بۆ ژمارەیەك نەخۆش دەكەین، ئەگەر باری تەندروستیان باش بێت رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە".
د. بۆتان، راشیگەیاند: "نەخۆشخانەی رزگاری 400 قەروێڵەیە، بەڵام ئێمە ناتوانین 400 نەخۆش لە یەك كاتدا وەرگرین، چونكە چاودێری كردن و ئیدارەدانی 400 نەخۆش پێكەوە ئەستەمە".