35 هەزار پارچە شوێنەواری ناوچەی نەمروود دۆزرانەوە
شوێنەوارناسانی عێراق لە رابردوودا دەیان هەزار پارچەی شوێنەوارییان لە كۆشكێكی مێژوویی لە ناوچەی نەمروودی نزیك مووسڵ كە لەلایەن داعشەوە وێران كرابوو، دۆزییەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی شوێنەوارناسان، تەواوی پارچەكانی شوێنەواری ناوچەی نەمردوو مەترسی لەناوچوونییان لەسەرە و بەتایبەت پەیكەری ئاژەڵە ئەفسانەییەكان.
دوای ئەوەی چەكدارانی داعش لە ساڵی 2014 پانتاییەكی فراوانییان لە عێراق لە نێوشیاندا شاری نەمروودی مێژوویی لە نزیك مووسڵ داگیركرد، ئەوان دەستیانكرد بە لەناوبردنی پەرستگا و كۆشكە مێژوویی و ناوچە شوێنەوارییەكان.
دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەوڵدابوون لەگەڵ یونسكۆ، شاری نەمروودی شوێنەواری بخەنە لیستی شارە مێژوویی و كولتوورییە جیهانییەكان، داعش هێرشیكردە سەری و زۆربەی شوێنەوارەكانی لەناو برد، لە نێویشیاند 500 پارچەی دیواربەند و پەیكەر و شوێنەواری دیكەی قەبارەی جیاواز، جیا لە لەناوبردنی چەندین پەیكەری دیكەی بەناوبانگ كە مێژووییان بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
لەساڵی 2015 داعش لە كورتە ڤیدیۆیەكدا وێرانكردنی پەرستگاری نابۆی تەمەنی 2800 ساڵی نیشاندا كە بە خودای رستن و چنین و نووسینەوە دەناسرایەوە.
هەروەها داعش مۆزەخانەی مووسڵ و ناوچەی تەدمر و ناوچە شوێنەوارییەكانی وێران كرد.
لەساڵی 2017 داعش لە مووسڵ دەركرا، پێگەی نەمروود لە 2018ـەوە دووبارە ئامادەكاری بۆ كرا و بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ئەو ئامادەكارییانە وەستان.
دوای ئەو رووداوانە، پسپۆرانی شوێنەوار 35 هەزار پارچەی شوێنەوارییان لە ڕێگەی كنە و پشكنین دووبارە كۆكردووەتەوە.
پێشتریش وەزیری رۆشنبیری عێراق رایگەیاندبوو، بەهۆی تەقاندنەوەی پێگە شوێنەوارییەكان لەلایەن داعشەوە، نازاندرێت چەند پارچە شوێنەواری عێراق دزراون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردبوو، داعش زۆربەی پارچە شوێنەوارەكانی عێراقی لە بازاڕە ڕەشەكانی جیهان دەفرۆشتەوە و دووبارە ئامادەكردنەوەی پێگە شوێنەوارییەكان دە ساڵی پێویستە.