نووسینگەی بەشیر حەداد وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە

قسەکانی بە دوور لە راستی ناودەبات

K24- هەولێر:

نووسینگەی راگەیاندنی بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەڵامی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەداتەوە و قسەکانی بە دوور لە راستی ناودەبات و دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەم بەڕێزەمان نەبینیوە لەناو ھۆڵی پەرلەمان یان میدیایەکی عەرەبی و عێراقی داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات و تەنیا پاڵەوانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و چەند کەناڵێکی لۆکاڵییە.

نووسینگەکە لە وەڵامی تۆمەتەکانی ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە وەزیرەکەی کوردە و لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دووجار بانگهێشتى باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کردووە و نامەی ناڕەزایی پێداوە و بۆ ھەمان مەبەست بانگھێشتی باڵیۆزی ئێرانیشی کردووە.

پێشتر ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاندبوو، کە داوای کۆبوونەوە لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکانی تورکیا و ئێران کراوە، بەڵام بە گووتەی ئەو، بەشیر حەداد رێگری کردووە کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت. 

دەقی راگەیاندنی نووسینگەی بەشیر حەداد:

یەکەم: قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە سەرلەبەری دووە لە راستی و بەهیچ شێویەک و لەلایەن هیچ پەرلەمانتارێکەوە داواکاری بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر ئەو بابەتە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نەکراوە.

دووەم: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەو پەلامارو هێرشانەی سوپای تورکیای بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئیدانە کردووە و بە پێشێل کردنی سەروەری خاکی عێراقی داناوە و داواشی کردووە بە زوترین کات حکومەتی فیدراڵ داوا لە تورکیا بکات ئەو هێرشانە را بگرێت.

سێیەم: لە ئێستادا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی تووشبوونی چەند پەرلەمانتارێکەوە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوەکانی خۆی راگرتووە و کۆبوونەوە ئەنجام نادات.

چوارەم: تاوەکو ئێستا ئەم بەڕێزەمان نەبینیوە لەناو ھۆڵی پەرلەمان یان میدیایەکی عەرەبی و عێراقی داکۆکی لە مافی خەڵکی کوردستان بکات و تەنیا پاڵەوانی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و چەند کەناڵێکی لۆکاڵییە.

پێنجەم: وەزارەتی دەرەوەی عێراق کە وەزیرەکەی کوردە و لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دووجار بانگهێشتى باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کردووە و نامەی ناڕەزایی پێداوە و بۆ ھەمان مەبەست بانگھێشتی باڵیۆزی ئێرانیشی کردووە.

شەشەم: ئێمە بە مافی خۆمان دەزانین کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارە بگرینەبەر و داوای ئاسایی لەسەر تۆمار بکەین، چونکە ئەوە چەندەمین جارە درۆ و قسەی ناراست بە دەمی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەڵدەبەستێت .

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٢٠٢٠/٦/٢٠