جۆو بایدن سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت

بەرپرسێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، جۆو بایدن لە کۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتیدا هاوکارییەک بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار دەداتە ئوکرانیا و بڕیاریشە چەند سزایەک بەسەر ڕووسیادا بسەپینێت.

پێنجشەممە، 9ی کانوونی دووەمی 2025، بەرپرسێکی ئەمەریکی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بێت، ڕایگەیاند ''جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، پلانی وایە لەم هەفتەیەدا، پێش دەست بەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت."

بەرپرسە ئەمەریکییەکە گوتیشی: ''سزاکان زیاتر لایەنی ئابووریی دەگرنەوە و ئەمەش وەک پشتگیریی ئوکرانیا لە جەنگەکەی بەرانبەر ڕووسیا.''

سەرچاوەکە ئاماژەشی داوە "ئەمڕۆ ئیدارەی بایدن هاوکارییەکی بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار بۆ ئوکرانیا ناردووە، کە پێک هاتبوو لە مووشەک و تەقەمەنی و پارچەی فڕۆکەی جەنگی."

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ پێشتر هەڵوێستی خۆی بەرانبەر جەنگەکە ئاشکرا کردبوو لەوەی هاوکارییەکانی ئوکرانیا کەم دەکاتەوە و هەوڵ دەدات لە ماوەی 24 کاتژمێری سەرەتای دەست بەکاربوونی، کۆتایی بە جەنگی ئوکراینا و ڕووسیا بهێنێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment