وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئاسایش و سەقامگیری تورکیا و عێراق لەیەکتر جیا ناکەینەوە
ناتوانین لەگەڵ هەڕەشەی پەکەکە و یەپەگە بژین
هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ نوێنەری ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆیی و بیانی ڕایگەیاند، ئاسایش و سەقامگیری تورکیا و عێراق لەیەکتر جیا ناکەنەوە.
هاکان فیدان گوتیشی: "ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەمان و عێراق لەیەکتر جیا ناکەینەوە، لەکاتی سەردانەکەی سەرۆک کۆمارمان لە نیسانی ساڵی پار، 27 یاداشتنامە و ڕێککەوتننامەی یاساییمان ئیمزا کرد، یەکێک لەوانە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان هەردوولا بوو، کە لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتننامە و یاداشتنامانەوە توانیمان زەمینەی یاسایی نێوانمان پتەوتر بکەین."
ئاماژەی بەوەش کرد، "جگە لە پرسی ئەمنی، توانیمان هەنگاوی زیاتر بنێین و لەسەر ئاستی بازرگانی و پەروەردەیی و تەواوی کەرتە جیاوازەکاندا، لە ڕێگەی چوارچێوەی ستراتیژی پەیوەندییەکانمان بە دامەزراوەیی بکەین."
لە بارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانیشەوە کە گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، ڕایگەیاند، "لەپێناو هەنگاونانی زیاتری ئەو پڕۆژەیە، توانیمان لەسەر ئاستی دوو قۆڵی و چوار قۆڵی یاداشتنامەی هەماهەنگیی ئیمزا بکەین."
لەبارەی سووریا باسی ئاشکرای کرد، "چیرۆکی ئێمە لە سووریای نوێ دەست پێ دەکات، تورکیا لەتوانایدایە تەواوی هەڕەشەکان لە بنچینەی خۆیدا لەناو ببات، ئەگەر بەڕوونی بڵێم، هەموو ئەو وڵاتانە بەهەند وەرناگرین کە لە کاتێکدا هێزی ئەمەریکا بەکاردێنن و خۆیان لە پشتی ئەمەریکا دەشارنەوە و دەیانەوێت بەرژەوەندییەکانیان بەرەوپێش ببەن"، دەشڵێت، "چەندین جار دووبارەمان کردووەتەوە، ناتوانین لەگەڵ هەڕەشەی پەکەکە و یەپەگە بژین، لەپێناو بەلاوەنانی ئەمە یان کەسانی دیکە دەبێت ڕێکاری پێویست بگرنەبەر، یانیش ئێمە خۆمان دەیکەین. تورکیا ڕژدە لە لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەک کە لە دژی هەبوونییەتی".