قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق درێژکرایەوە

K24 – هەولێر

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی تاوەکو 27-6-2020  درێژکردەوە.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق جارێکی دیکە  قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو هەفتەی داهاتوو درێژکردەوە، بەڵام قەدەغەکە ئەو گەشتانە ناگرێتەوە:

  • خاچی سوور
  • گەشتی فڕۆکەی تایبەت بە گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، پزیشکی
  • فریاکەوتن
  • سەربازی
  • کارگۆ

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی رێکخراوی جیهانیی فڕۆکەوانی شارستانی، 71 وڵات لە سەرتاسەری جیهان وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان دەستنیشانکردووە، کە لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ناچارببوون گەشتە ئاسمانییەکانیان رابگرن.

بەپێی خشتەکەی رێکخراوی جیهانیی فڕۆکەوانی مەدەنی: زۆربەی وڵاتان پلانیان داناوە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تاوەکو سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە، تەنانەت ئەمەریکا کە زەرەرمەندترین وڵاتە بە پەتای کۆرۆنا، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت لە مانگی ئەیلوول رێگە بە گەشتە ئاسمانییەکان بدات.

بەگشتی کەرتی فڕۆکەوانی زەرەرمەندترین کەرتە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوە (ئیاتا)، مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ کەرتی فڕۆکەوانی 314 ملیار دۆلار زەرەر بکات، ئەوەش جگە لە 550 ملیار دۆلار کە رەنگە وەکو قەرز بکەوێتە سەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.

 

 

هـ.ر.