عەبدولڕەحمان سدیق: بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان کوالێتی هەوا باشتر دەبێت

سەرۆکی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دەسەڵاتی بە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارانی هەولێر و دهۆک داوە، ڕێککاری پێویست بگرنەبەر و پاڵاوگە نایاساییەکان دابخەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بەدواداچوونی بۆ داخستنی پاڵاوگەکان کرد و داوای کرد، هەموو ئەو پاڵاوگانە دابخرێن کە پابەندیی ڕێنماییە ژینگەییەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نین.

سەرۆکی دەستەی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، گوتی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، دەسەڵاتی بە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگارانی هەولێر و دهۆک داوە، ڕێککاری پێویست بگرنەبەر و پاڵاوگەکان دابخەن. 

عەبدولڕەحمان سدیق، دەڵێت: کوالێتی هەوای کوردستان مامناوەندە، هەروەها هەوڵەکان بۆ ئەوەیە چوار پاڵاوگەی سەرەکی لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت.

جەختی لەوەش کردەوە، بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان کوالێتی هەوا باشتر دەبێت.