قەتەر ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە ڕادەستی ئیسرائیل و حەماس دەکات

بەرپرسێکی ئاگادار لە دانوستانەکان ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، قەتەر نێوەندگیریی لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات، ڕەشنووسی "کۆتایی" ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی ڕادەستی هەردوولا کردووە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززەیە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد "دوای دانوستانەکانی نێوان سەرکردەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری سەرۆکی هەڵبژێردراوی دۆناڵد ترەمپ, لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر، پێشکەوتنێک لە دەوحە گەیشتە ئەنجام."

هەوڵێکی نێوەندگیری لە مانگی کانوونی دووەمدا کۆتایی هات و هەر لایەنێک ئەوی دیکەیان بە هۆکاری شکستەکە زانی؛ حەماس ئیسرائیلی بە دانانی "مەرجی نوێ" تۆمەتبار کرد، لەکاتێکدا دەوڵەتی عیبری بزووتنەوەی حەماسی بە دانانی "کۆسپی نوێ" لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن تۆمەتبار کرد.

پێشتر جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە پێشکەوتنی دانوستانەکان کرد.

بایدن، لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ دانوستانکاران کۆبوومەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە "هێشتا هیوادارم بتوانین ئاڵوگۆڕی زیندانییان و بارمتەکان بکەین." ئاماژەی بەوەش کردووە "حەماس  ئێستا کۆسپە لەبەردەم ئەم ئاڵوگۆڕکردنە، بەڵام پێموایە بتوانین ئەو کارە بکەین."