ترەمپ: من بێتاوانم و جاک سمیس شێتە

ئەو دادوەرەی کە کەیسی پاراستنی دەسەڵاتی لەلایەن ترەمپەوە، دوای شکستهێنانی لە هەڵبژاردنی 2020 بردە دەدگا، دوای دەست لە کار کێشانەوەی لە وەزارەتی دادی ئەمەریکا، ڕاپۆرتێکی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ ژمارەیک ئەندامانی کۆنگرێس ناردووە کە لە 170 لاپەڕە پێک هاتووە و تێیدا بە توندی هێرش دەکاتە سەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە بەرانبەردا ترەمپیش بە توندی وەڵامی دەداتەوە.

سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 جاک سمیس، ڕاپۆرتی بەشێک لە ئەنجامی لێکۆلینەوەکانی بۆ ئەندامانی کۆنگرێس ناردووە تێیدا دەڵێت: "بەڵگەی ڕوون و ئاشکرام هەیە کە دەیسەلمێنێت ترەمپ تاوانبارە."

جاک سمیس ڕایگەیاندووە "ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردنی 2024 سەرکەوتوو نەبووایە، ئەوە بەڵگەی ڕوون و ئاشکرام پیشان دەدا کە ترەمپ، دوای شکستەکەی بەرانبەر بایدن لە 2020، هەوڵی دەدا دەسەڵات ڕادەست نەکاتەوە، هەوادارانی خۆی بۆ ئاژاوەنانەوە هان داوە."

لە ڕاپۆرتەکەدا جاک سمیس ڕایگەیاندووە "کە ترەمپ ئەو لێدوانانی لەسەر کەیسەکە بۆ پارێزگاریی لە خۆی دەرکردووە، بەشی هەرە زۆریان درۆ و ناڕاست بوون."

ڕاپۆرتەکە، تەنیا چەند ڕۆژێک پێش گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "دۆناڵد ترەمپ زۆر هەوڵی دا ئەو ڕاپۆرتە بڵاو نەبێتەوە، بەڵام لەوەشدا شکستی هێنا." هاوکات دەڵێت "لە مێژووی ئەمەریکادا یەکەم جارە کەسێک بە کەیسی تۆمەتبارییەوە دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا."

لای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی Truth، بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە وەڵامی ڕاپۆرتەکەی جاک سمیسی داوەتەوە بە "شێت" ناوەی دەبات و دەڵێت: ''ئەو نەیتوانیوە بە سەرکەوتووتی دادگاییەکەی من بەڕێوە ببات، بۆیە  ڕاپۆرتێکی لەسەر بنەمای زانیارییەکانی لیژنەیەک بڵاوکردووەتەوە، کە بەڵگەکانی منیان بە نایاسایی ڕەش کردووەتەوە''

ترەمپ ڕاشیگەیاندووە ''ئەو بەڵگانەی ڕەشکراوەنەتەوە، بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا بوون کە دەیانسەلماند من بێ تاوانم''