پێنج پەرلەمانتاری عێراق تووشی كۆرۆنا بوون

بەڕێوەبەرێك و 28 فەرمانبەریش ھەڵگری ڤایرۆسەكەن

K24 - ھەولێر

پێنج پەرلەمانتاری عێراق و 28 فەرمانبەر لە ئنجومەنی نوێنەران تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێنج پەرلەمانتار محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانیان ئاگادار كردووەتەوە، كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون".

ئاشكراشی كرد: "دەركەوتووە جگە لەو پەرلەمانتارانە بەڕێوەبەرێكی گشتیی و 28 فەرمانبەری دیكەی پەرلەمانی عێراق ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان".

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق تائێستا 30 ھەزار و 868 كەس لە عێراق تووشی كۆرۆنا بوونە و نزیكەی 16 ھەزار كەسیان لەژێر چاودێری پزیشكیدان.