کۆرۆنا ژیانی لە عەتا چاوشین سەندەوە
چەند هەفتەیەکە تووشی کۆرۆنا بووە
K24- سلێمانی:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، عەتا چاوشین یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی شاری سلێمانی لە تەمەنی 58 ساڵی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، عەتا چاوشین لە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ گیانی سپاردووە، ئەمەش دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و تێکچوونی تەندروستی.
چاوشین لە سلێمانی لە دایکبووە و لە ساڵانی هەشتاکان دەستی بە گۆرانی وتن کردووە، یەکێک لەو گۆرانیانەی دەنگی دایەوە، گۆرانی “هۆ غەریب مەڕۆ” بوو.
هەروەها، دواتر لە تەلەڤزیۆنی کەرکووک، چەند گۆرانییەکی دیکەی تۆمار کردووە.
ماوەی چەند هەفتەیەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە ژێر چاودێریی پزیشکیی دابوو، تاوەکو ئەمڕۆ گیانی سپارد.
عەتا چاوشین ماوەیەک لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە و ماڵی لە سەقز بووە. جگە لە گۆرانی و بەستە و مەقام، بەندبێژێکی دێرین بووە.