ئەردۆغان بۆ بەرپرسانی ئاکپارتی: ئۆجەلان لە ئیمرالی دەمێنێتەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا (وێنە: AA)

سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکەی ڕایگەیاندووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالی دەمێنێتەوە و سزاکەی بۆ بەندکردنی ماڵەوە ناگۆڕدرێت.

عەبدولقادر سەلڤی، ڕۆژنامەوانی نزیک لە حکوومەت و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا؛ لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممە، 13-01-2025ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) پرسیاری دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و ئەگەری ئازادکردن یانیش گۆڕینی سزای بەندکردنی بۆ بەندکردنی ماڵەوە؛ لە ئەردۆغان کراوە.

ئەو ڕۆژنامە باسی لەوە کردووە، ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیارەکەدا گوتوویەتی: "دۆخێکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە و خۆیشی (ئۆجەلان) نایەوێت لە بەندیخانە بێتە دەرەوە."

 بە گوتەی سەلڤی "ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە وەزیری دادی تورکیا کردووە دۆخی ئۆجەلان بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە."

 چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-01-2025ـی فراکسیۆنی ئاکپارتی، ئەردۆغان لە گوتارێکدا ژمارەیەک پەیامی گرنگ لەبارەی قۆناغی نوێی ئاشتیی لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕابگەیەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) لـــە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو "ئیرادەیەکی بەهێز لە تورکیا و لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە هەیە لە پێناو بەلاوەنانی تیرۆر لە ڕۆژەڤی وڵاتەکەماندا."

چەلیک دووپاتی کردەوە "هاوشانکردنی کورد لەگەڵ تیرۆر بێگومان پرۆژەیەکی ئیمپریالییە، ئەمڕۆش زایۆنییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن، بەڵام کورد هەرگیز بایەخی بەم پلانگێڕییە ئیمپریاڵی و زایۆنییە نەداوە."

ڕۆژەڤی سەرەکیی ئێستەی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. بۆ ئەم مەبەستە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) دوای دیداریان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەجیا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە.

 چاوەڕێ دەکرێت لەم چەند ڕۆژەدا جارێکی دیکە شاندەکەی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمرالی بکەن و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت.