چ جۆرە سەر ئێشەیەک مەترسی لەسەر منداڵان دەبێت

سەرئێشە کێشەیەکی باو و یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پێویستی بە سەردانی پزیشکی دەمار هەیە، هەندێک کەس چ گەورە و چ منداڵ بەدەست سەرئێشەوە دەناڵێنن، هەندێک سەرئێشە، بەتایبەت لای منداڵان نابێ پشتگوێ بخرێن، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

دکتۆر گالینا نێڤریوزینا، پزیشکی دەمارەکانی منداڵان، لەوبارەوە دەڵێت، زیاتر لە 300 جۆری جیاوازی سەرئێشە هەن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا مرۆڤ هەوڵدەدات بە دەرمانی ئازارشکێن چارەی سەرئێشەکەی بکات، تەنیا کاتێک سەردانی پزیشک دەکەن کە ئازارەکە بەردەوام دەبێت و دەرمانە ئازارشکێنەکان سوودیان نەبێت.

بە گوتەی نێڤریوزینا، پێویستە هەمووان بزانن کە دووبارەبوونەوەی سەرئێشە، ڕەنگە نیشانەی نەخۆشییەک بێت، کە تەنیا لەلایەن پزیشکێکی پسپۆڕەوە دەستنیشان دەکرێت و چارەسەری بۆ بکرێت، ئەویش جۆرەکەی و هۆکارە سەرەکییەکانی دیاری دەکات، بۆیە هەرگیز نابێت سەرئێشەی دووبارە بووەوە پشتگوێ بخرێت.

گوتیشی: لە زۆر کاتدا سەرئێشە نەخۆشی نییە، بەڵکو لە ئەنجامی نەخۆشی دیکەوەیە، هەندێکجاریش مەترسیدارە، ئەم حاڵەتانەش بریتین لە، ژەهراویبوونی لەش، بۆ نموونە "لەگەڵ نەخۆشی ڤایرۆسی یان ژەهراویبوونی خۆراک، هەوکردنی لووت و قوڕگ، کێشە لە بڕبڕەی پشت و مل، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک.

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێک لە هۆکارە باوەکانی سەرئێشە، ناهاوسەنگی خوێنبەرەکانی ماسولکەکانە، بەتایبەتی لەکاتی باڵغبووندا.

دەشڵێت: بەکارهێنانی چارەسەرە کلاسیکیەکان لە ماڵەوە، زۆرجار دەبێتە هۆی سەر لێشێواندنی دکتۆرەکان، کە ڕەنگە بە وردی دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە و هۆکارەکەی قورس بێت.