وەزارەتی دارایی کۆی ئەو پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە ئاشکرا کرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی فیدرال پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدرالی.
چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی پێداوە، وەزارەتی دارایی فیدرال وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، دادپەروەر نەبووە و پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدرالی، سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ بەربەست.
ئاماژە بەوە دراوە، بەپێی کەشفی حسابی وەزارەتمان لە بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەرێم/ هەولێر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تەنها (10,026,883,844,549) دیناری وەک شایستەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024 ناردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕی (726,995,775,414) دیناری وەک لێبڕینی خانەنشینی و باجی داهات لە کۆی تەرخانکراوی هەرێم بڕیوە.
جەختیشی کردووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم تەرخان کراوە، بەپێی خشتەی (هـ) لە یاسای بودجەی فیدرالی بۆ ساڵی 2024، بریتییە لە (11,576,521,335,000) دینار، بەمەش دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان بڕی (822,642,015,037) دیناری لە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی 2024 لای حکوومەتی فیدراڵی ماوە.