بۆ یەکەمجار لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا 3 کەس کوژران

سووریا
سووریا

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای  کرد، بۆ یەکەمجار دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا و بەهۆی ئەو هێرشەوە 3 کەس کوژران.

چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: هێزەکانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجارە هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا کە ئەحمەد ئەلشەرع سەرکردایەتی دەکات.

سێ کوژراو کە هاووڵاتییەکی سڤیلیش لەنێوانیاندا هەیە، بەر هێرشەی ئیسرائیل کەوتوون کە یەکەمجارە دەیکاتە سەر هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا لە پارێزگای قەنیترە لە باشووری سووریا.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: درۆنەکانی ئیسرائیل کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریای لە شارۆچکەی غەدیر لە دەورووبەری باشووری قەنیترە بە ئامانج گرتووە، لە ئەنجامی هێرشەکەشدا دوو چەکداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا و هاووڵاتییەکی سڤیل کوژراون، سەرباری کوژرانی موختاری شارۆچکەکە لەنێو کاروانە سەربازییەکە.