لایەنەکان لەبارەی ئاگربەست لە غەززە ڕێککەوتن

غەززە
غەززە

ئاژانسەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن، هەردوو لایەنی حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست لە غەززە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن

چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویان کردەوە، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە و پرسی ئازادکردنی دیل و بارمتەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئاژانسەکان ڕاشیدەگەیەنن: حکوومەتی ئیسرائیل لەبارەی بڕیاری ئاگربەست کۆدەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی فەڵەستینی نزیک لە دانووستانەکانی دەوحە ڕایگەیاند: بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی هاوڕان لەسەر ڕێککەوتن بۆ ئاگربەست و گۆڕینەوەی دیل و بارمەتەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

ئەو سەرچاوەیەی فەڵەستین ئاشکرای کردووە، حەماس و جیهادی ئیسلامی نێوندەگیرەکانیان ئاگەدار کردووەتەوە لەوەی ڕازین بە ڕەشنووسی کۆتایی بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست و گۆڕینەوەی دیلەکان.

سەرچاوەکە ڕایدەگەیەنێت: حەماس لەڕێگەی نێوندگیرەکانەوە نەخشەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە ماوەیەکی دیاریکراو وەک قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بە لایەنی بەرانبەر گەیاندووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هیچ خاڵێک لە ڕەشنووسەکە بۆ گفتوگۆ کردن نەماوەتەوە، دەشڵێت: نێوەندگیرەکان کە قەتەر و میسر و ئەمەریکان ،ڕێککەوتنەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاو دەکەنەوە دوای ئەوەی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس  ئیمزا دەکرێت و تێیدا گرەنتی جێبەجێکردنی کراوە.

لە یەکەم کاردانەوەی دوای ڕێککەوتنەکەش، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: ئەو وێرانکارییەی دەرهەق بە گەلی فەڵەستین کرا هیچ پاساوێکی بۆ نەبوو، دەشڵێت: پێویستە تەواوی بارمتەکان ئازاد بکرێن.