دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی ئاگربەستی غەززەی ڕاگەیاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، بە فەرمی ئاگربەستی غەززەی ڕاگەیاند.
چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای 15 مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ئاگربەستی غەززەی بە فەرمی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بەر لە گەیشتنیان بە کۆشکی سپی دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە، دەشڵێت: جارێکی دیکە نابێت غەززە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئاگربەستی غەززە سەرەتایەکە بۆ کاری گەورەتر، کار بۆ پتەوکردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین.
بەبۆنەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، خەڵکی غەززە و خان یونس و تەلئەڤیڤ دەستیان بە ئاهەنگ گێران کرد، میدیاکانی ئیسرائیلیش رایانگەیاند: قۆناغی یەکەمی ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوەی سووپای ئیسرائیل لە غەززە دەستیپێکردووە.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، دوای هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، شەڕێکی توند لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ڕوویدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە ژمارەی کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە 46 هەزار و 707 هاووڵاتی سڤیل، جگە لە 110 هەزار و 265 بریندار، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەسیش چارەنووسیان نادیارە، سەرباری وێرانبوونی کەرتی غەززەش کە بە خراپترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان ناودەبرێت.
