سەرۆکی ئیسرائیل: ئەوە بژاردە ڕاستەکەیە

سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هیرتسوگ پێشوازیی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە کرد و گوتی: ئەوە بژاردەی دروستبوو بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکانی کەرتی غەززە.
ئیسحاق هیرتسوگ لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: وەک سەرۆکی ئیسرائیل زۆر بەڕوونی دەڵێم: ئەوە بژاردە ڕاستەکەیە، ئەوە بژاردەیەکی گرنگ و بەهادارە.
سەرۆکی ئیسرائیل دەشڵێت: هیچ پابەندبوونێکی ئەخلاقی، مرۆیی، یاخود جوو و ئیسرائیلی گرنگتر نییە لە گەڕاندنەوەی کوڕ و کچەکانمان بۆ ئەوەی بە ئاشتی بگەنەوە ماڵەکانیان.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، دوای هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، شەڕێکی توند لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس ڕوویدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە ژمارەی کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە 46 هەزار و 707 هاووڵاتی سڤیل، جگە لە 110 هەزار و 265 بریندار، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەسیش چارەنووسیان نادیارە، سەرباری وێرانبوونی کەرتی غەززەش کە بە خراپترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان ناودەبرێت.