نەتەوە یەکگرتووەکان: قەیرانی مرۆیی لە یەمەن خراپتر دەبێت

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە، هۆشداری دا لەوەی  قەیرانی مرۆیی لە یەمەن خراپتر دەبێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند، لەمساڵدا لانیکەم 19 ملیۆن و 500 هەزار کەس پێویستیان بە یارمەتییە مرۆییەکان دەبێت، هەروەها نیگەرانیشە لەوەی منداڵان بەدەست بەدخۆراکییەوە گرفتارن.

جۆیس مسویا، جێگری سەرۆکی نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند "گەلی یەمەن بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی سەختی مرۆیی."

ئاماژەی بەوەش کرد "بەپێی خەمڵاندنەکانی بانگەوازی مرۆیی بۆ ساڵی 2025 کە بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە، قەیرانەکە خراپتر دەبێت."

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش دا "لەمساڵدا لانی کەم 19.5 ملیۆن کەس لە یەمەن پێویستیان بە هاوکاریی و پاراستنی مرۆیی دەبێت، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی 2024 یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس زیادی کردووە."

مسویا، جەختی کردەوە "نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە، ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک دابین بکەن و 4.8 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوونە. زۆرترینی ئەوانەش ژنان و کچانن."

جێگری سەرۆکی OCHA هۆشداری دا لەوەی زۆرترین ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە، منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵن بەدەست بەدخۆراکییەوە گرفتارن.

هەروەها هۆشداری دا لە مەترسی بڵاو بوونەوەی کۆلێرا لە یەمەن، کە بارگرانی لەسەر سیستەمێکی تەندروستی دروست دەکات.

لای خۆیەوە، هانس گروندبێرگ، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن، جەختی لەسەر پێویستی دەستبەجێی کەم کردنەوەی پەرەسەندن و پابەندبوونی ڕاستەقینە بە ئاشتی کردەوە.