وەزیری دادی تورکیا: دەم پارتی داواکاریی بۆ چاوپێکەوتنەوەی ئۆجەلان پێشکەش نەکردووە

یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا
یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا

وەزیری دادی تورکیا ئەوەی خستە ڕوو، تاوەکوو ئێستە لە دەم پارتییەوە داواکاریی سەردانی دووەمیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی پێ نەگەیشتووە.

یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە دووەم سەردانی شاندی پارتی یەکسانی و دادپەروەریی گەلان (دەم پارتی) بۆ لای عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی دایەوە. 

وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە دا "تاوەکوو ئێستە دەم پارتی داواکارییەکی لەو جۆرەی پێشکەشی وەزارەتەکەمان نەکردووە و ئەگەر کردی، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین."

ئەو شاندەی دەم پارتی پێشتر، ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندانی ئیمرالی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."

دوای سەردانەکە، شاندی دەم پارتی بە جیا لەگەڵ تەواوی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوە و وردەکارییەکانیان خستە بەرباس. چاوەڕێش دەکرێت سەردانێکی دیکە بکرێت.