جۆن بۆڵتن كتێبه‌ هه‌ستیاره‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌.. گوێی به‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ نه‌دا

باسی ئه‌و ژووره‌ ده‌كات كه‌ شته‌ نهێنییه‌كانی كۆشكی سپی تێیدا روویداوه‌

K24- هه‌ولێر:

جۆن بۆڵتن، راوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمه‌ریكا كتێبەكەی به‌ناوی (The room where it happened) یان ئەو ژوورەی شتەكان تێیدا روویدا، بڵاوكردەوە. ئەو كتێبە بەر لە بڵاوبوونەوەی كێشمەكێشی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنابوو، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمه‌ریكا له‌ ئه‌گه‌ری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ ھەڕەشەی لە بۆڵتن كردبوو، كە بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی نھێنییەكانی دەوڵەت دەیداتە دادگا. بەڵام لە كۆتاییدا بۆڵتن كتێبەكەی بڵاوكردەوە و كۆمەڵێك وردەكاری زۆری لەسەر كەسایەتی ترەمپ و پرسی كورد بە تایبەت لە رۆژئاوای كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێرانی تێدایە.

لە كتێبی (The room where it happened)ـدا  3ھەزار و 325 جار ناوی دۆناڵد ترەمپ ھاتووە، سەبارەت بە ترەمپ جۆن بۆلتن دەڵێت: ترەمپ سیاسەتمەدارێكی زۆر خراپە، نه‌یدەیزانی كە بەریتانیا خاوەنی چەكی ئەتۆمە. هه‌روه‌ها پرسیاری ئەوەی كردووە، ئاخۆ فینلەندا بەشێكە لە رووسیا یان نا؟ جۆن بۆڵتن دەڵێت: ترەمپ زانیاری نییە و لێدوانەكانی لەسەر بنەمای غەریزەی شەخسی خۆیەتی نەك لۆژیك و تێفكرین.

لە كتێبەكەدا ھاتووە، ترەمپ زۆری رق لە جه‌ستن ترۆدۆ، سەرۆك وه‌زیری كەنەدایە، تەنانەت داوای لە خۆی ھاوكاری له‌ كۆشكی سپی كردووە ھێرشی بكەنە سەر.

جۆن بۆلتن له‌ كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، ترەمپ دەیویست دەستوەردان لە دۆسیەی سەرپێچیی دیكتاتۆرە خۆشەویستەكانیدا بكات، بۆ نموونە باس لە دەستێوەردانی ترەمپ لە كۆمپانیای چینی "زێد تی ئی" و ھاڵك بانكی توركی كردووە.

باسی ئه‌وه‌شی كردووه‌، لە 2019 ترەمپ لەكۆبوونەوەیەكی داخراو داوای لە شی جینگ پی، سەرۆكۆماری چین كردووە، لە ھەڵبژاردنی داھاتووی سەرۆكی ئەمه‌ریكا یارمەتی بدات.

كورد لە كتێبەكەی بۆڵتن-دا:

لە كتێبەكەی جۆن بۆڵتن-دا 67 جار ناوی كورد ھاتووە، بەشی زۆری بۆ باكووری رۆژئاوای سووریا، یان رۆژئاوای كوردستان تەرخانكراوە، كە لە كۆتاییدا بووە ھۆی ئەوەی ئەمه‌ریكا ھەندێك لە ناوچەكان رادەستی توركیا بكات. جۆن بۆڵتن دەڵێت: ئیمانوئێل ماكرۆن، سەرۆكۆماری فەرەنسا تكای لە ترەمپ كردووە، ھێزەكانی لە باكووری رۆژئاوای سووریا نەكشێنێتەوە، چونكە ماكرۆن پێیوابووە، توركیا و داعش یەكدەگرن، بەڵام لەكۆتاییدا لەسەر داوای جەیمس جێفری، نوێنەری ئەمه‌ریكا بۆ پرسی سووریا و لە ژێر گوشاری توركیا پشتی لە كورد كردووە و ھەندێك لە ناوچەكانی رادەستی توركیا كردووە. بۆڵتن له‌ كتێبه‌كه‌یدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، جەیمس جێفری كە پێشتر بالوێزی ئەمه‌ریكا بووه‌ لە توركیا، زۆر حەز بە كورد ناكات و ھاوبەشی لەگەڵ توركیای زۆر بە لاوە گرنگترە.

بۆڵتن لە كتێبەكەیدا سەبارەت بە ھەرێمی كوردستانیش نووسیویەتی: ئەمه‌ریكا پشتیوانی لە ئۆتۆنۆمی زیاتر بۆ كورد و تەنانەت سەربەخۆیی كورد لە عێراق دەكات، بەڵام بەردەوام تووشی كێشەی سنوور دەبێت و دەبێت سنوورەكان بگۆڕدرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نەدەبوو ترەمپ بەرامبەر كورد بێ وەفا بێت و پشتیان تێبكات.

سەبارەت بە توركیاش جۆن بۆڵتن لە كتێبەكەیدا دەڵێت: توركیا بەھۆی پەكەكە لە شەڕكردن بەرامبەر داعش زۆر جددی نەبووە، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، ترەمپ و ئەردوغان لە رێكەوتن لەسەر پرسە ئابوورییەكانی نێوانیان بەتایبەت لە دۆسییەی ھاڵك بانك نزیك ببوونەوە، بەڵام رووداوەكانی باكووری رۆژئاوای سووریا گفتوگۆكانی راگرت.

بەگوتەی بۆڵتن، بەردەوام دۆناڵد ترەمپ پێیوابووە، ئەوان شەڕی داعش بۆ دوژمنەكانی ئەمه‌ریكا دەكەن، كە مەبەستی رووسیا، سووریا و ئێران بووە و ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دا بووه‌، كە نابێ ئەو كارە بكەن.

سەبارەت بە عێراقیش جۆن بۆڵتن 124 جار ناوی عێراقی هێناوه‌، بەڵام زۆربەی باسوخواسەكانی پەیوەندی بە ھەژموونی ئێران لەو وڵاتەوه‌ هه‌بووە و زۆربەی باس و بڕیارەكانیش بۆ كەمكردنی ھەژموونی ئێران لە عێراق بووە. بەردەوام ترەمپ پرسیاری ئەوەی كردووە، كە بۆچی ئێران لە عێراق بەھێزە؟ لەكۆتاییدا ترەمپ لە سالیوان، بالوێزی ئەوكاتی وڵاته‌كه‌ی لە عێراق دەپرسێت: ئەگەر ھێزەكانی ئەمه‌ریكا لە عێراق بمێننەوە، ئێران لاواز دەبێ؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: بەڵێ لاواز دەبێت.

بەشی بەرچاوی كتێبی (The room where it happened) پەیوەندی بە ئێرانه‌وه‌ ھەیە، بەشێوەیەك، كه‌ جۆن بۆڵتن 573 جار ناوی ئێرانی ھێناوە و دەڵێت: لە ژێر گوشاری ئەو دۆناڵد ترەمپ لە رێكەوتنی ئەتۆمی ھاتووەتە دەره‌وه‌، ئەو پێیوابووە، ئێران تەنیا بە ھێزی رەق لە سەرەرۆییەكانی كەم دەبێتەوە. بەشی زۆری كتێبەكە باس لە رۆڵی ئێران لە عێراق و پلانەكانی ئەمه‌ریكا بۆ رێگریكردن لە ئێران دەكات.

جۆن بۆڵتن نایشارێتەوە، كە دژبەرێكی سەرسەختی ئێران بووە، دەشڵێت: لە ڕاستیدا دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی لووتكەی جی 7 لە فەرەنسا ویستوویەتی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران كۆببێتەوە، بەڵام رێگری لێكردووە. ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، ترەمپ بە بنیامین نەتانیاھۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیلی گوتووە: ئەگەر بیەوێت ھێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئه‌نجام بدات، ئەوا رێگری لێ ناكات و پشتیوانیشی دەكات. بەڵام ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆكی رووسیا پێیوابووە، ئیسرائیل ئەو كارە ناكات، چونكە بەمشێوەیە وڵاتانی عەرەبی دەبنە ھاوپەیمانی ئێران.

H.B