سبەی ئیمانوێل ماکرۆن دەگاتە بەیرووت

سبەی هەینی، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دوای نزیکەی چوار ساڵ لە دوا سەردانی بەبۆنەی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت، دەگاتە لوبنان.
سبەی هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆشکی ئەلیزێ بڵاوی کردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ پشتگیریی کردن لە هاوتا لوبنانییەکەی جۆزێف عۆن کە پێش هەفتەیەک دوای دوو ساڵ لە بۆشایی سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان هەڵبژێردرا، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو نواف سەلام، دەگاتە لوبنان و سەردانەکە دووپات کردنەوەیە لە پاراستنی سەروەری لوبنان و گەشەسەندنی و یەکپارچەیی.
ئەلیزێ ئاشکرای دەکات، لەو سەردانەدا ماکرۆن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای نوێی لوبنان کۆ دەبێتەوە، دەشڵێت: سەردانەکە بەها بەخشینێکی ڕەمزی و ستراتیژی تایبەتە لە ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سێشممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکایەتیی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندبوو، جۆزیف عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان، لەگەڵ هێرڤی ماگرۆ، باڵیۆزی فەرەنسا لە لوبنان، تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان کردووە تایبەت بە بابەتی سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ وڵاتەکە، کە بڕیارە سبەی هەینی ئەنجام بدرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی ڕابردوو 10ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە جۆزێڤ عۆن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی لوبنان کرد.