پێویستی هەرێم بۆ نەوتی سپی نزیکەی 300 ملیۆن لیترە
ھاوشێوەی ھەموو سێکتەرەکانی دیکە، عێراق ماف و شایستەکانی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابین ناکات، ھەموو ساڵێک بە بیانووی جیاواز پشکی ھەرێمی کوردستان لە ناردنی نەوت دوا دەکەوێت، ھەرێمەکە پێویستی بە نزیکەی 300 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، کەچی بەغدا تەنیا 50 ملیۆن لیتر ڕەوانە دەکات.
لە کاتێکدا ھەموو خێزانێک لە عێراق نەوتی پێویستی بۆ زستان وەرگرتووە، بەڵام ھێشتا پشکی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان نەنێردراوە، ھەموو ساڵێک بە بیانووی جیاواز پشکی ھەرێم لە نەوتی سپی دوا دەکەوێت، لەگەڵ ئەوەش بڕی ئەو نەوتەی دابین دەکرێت لە 50 ملیۆن لیتر تێپەڕ ناکات.
سالار محەممەد، بەرپرسی لێژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو بڕە نەوتەی کە حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دەینێرێت زۆر زۆر کەمە و بەشی هەموو خێزانەکان ناکات.
ھەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ھەیە بۆ ئەوەی ھەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتی پێ بدرێـت، تا ئێستا 92% خێزانەکان نەوتی سپیان وەرگرتووە کە حکوومەتی ھەرێم بە نرخی پاڵپشتیکراو دابینی کردبوو .
لای خۆیەوە فەلاح مەولوود، بەڕێوبەری گشتی پیشەسازی کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، دەڵێت: ئەو بڕە نەوتە پێویستەی کە ئێمە داوامان کردووە بەغدا ناینێرێت، تەنیا بڕیاریان داوە 50 ملیۆن لیتر بنێرن، کە تەنیا 19%ـی دانیشتووان سوودی لێ وەردەگرن.