جاندۆست: سەرۆک بارزانی هیوای کوردە

جاندۆست، نووسەری کورد کە خۆی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە سەبارەت بە دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی مەرجەع و هیوای کوردە، ئەگەر سەرۆک بارزانی دەست بۆ ڕۆژئاوای کوردستان درێژ بکات، ئەوە مانای وایە دەبێتە مایەی خێر و قازانجی ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو کوردێک.

جاندۆست بۆ کوردستان24 گوتی: سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ مەرجەعیەتی گەلی کوردە، هەموو کورد چاوی  لە سەرۆک بارزانییە، ئەو بنەمایە، هەر کاتێک دەست بخاتە سەر هەر پرسێک، پرسەکە سەردەکەوێت، گرنگییەکەی لەوەدایە، هەڵوێستی نەتەوەیی سەرۆک بارزانی، خەبات و پێشمەرگایەتی ئەو، کاریگەریی لە سەرخستنی پرۆسەکە دەکات.

جاندۆست دەشڵێت: هەموو کورد لە کەسایەتی سەرۆک بارزانی ڕازین و باوەڕیان پێی هەیە، سەرۆک بارزانی لەڕێگەی پاراستنی نەتەوەدایە، بۆیە زۆر گرنگ بوو کە مەزڵوم عەبدی هاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، مەزڵوم عەبدی ئەگەر هیوایەکی لەو دیدارە بەدی نەکردایە، نەدەهاتە هەولێر، ئەو هیوایەش لای سەرۆک بارزانییە.

دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵوم عەبدی زۆر دڵخۆشکەربوو، ئێمە بەهیوا و تێنووی ئەوە بووین، ئێمە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕیی بینینی ئەو وێنەیەمان دەکرد.