میسر: ئیسرائیل 1890 فەڵەستینی لە قۆناغی یەکەمدا ئازاد دەکات

وەزارەتی دەرەوەی میسر ئاشکرای دەکات، ئیسرائیل زیاتر لە 1890 فەڵەستینی بەرانبەر 33 ئیسرائیلی ئازاد دەکات.
شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی میسر ڕایگەیاند: لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە 42 ڕۆژ دەخایەنێت، 1890 فەڵەستینی لە دەستی ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، کاتژمێر هەشت و نیوی بەیانی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025 ئاگربەستەکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردن و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەوەستن و بە سەدان بارهەڵگریی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکە دەگەنە خەڵکی لێقەوماوی کەرتەکە، ئەمەش دوای لە 15 مانگ لە بۆردوومان و خاپوور کردن و ئابلوقەی بەردەوامی خۆراک و پێویستی تەندروستی.