وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: جەنگ بە گەڕانەوەی بارمتەکان کۆتایی دێت

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، باجێکی قورسیان داوە و پێویستە حوکمی حەماس لە کەرتی غەززە کۆتایی بێت.
شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: بە ئازادکردن و گەڕانەوەی بارمتەکانی ئیسرائیل لە دەستی حەماس، جەنگی سەر کەرتی غەززە کۆتایی دێت.
ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، باجێکی قورسیان داوە، هەر لەبەر ئەوە پێویستە کۆتایی بە حوکمی حەماس بێت لە کەرتی غەززەدا.
هەر لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان، بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای کرد، حەماس لیستی ناوی ئەو بارمتانەیان بۆ بنێرێت کە دەیانەوێت لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە ئازادیان بکات.
ئەو گوتانەی ناتانیاهو لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بەنیازە، سبەی لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا کە ماوەی 42 ڕۆژ دەخایەنێت، 1890 دیلی فەڵەستینی ئازاد بکات بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کێن ئەوانەی ئازادیان دەکات.
سبەی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، کاتژمێر هەشت و نیوی بەیانی، ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەوێتە واری جێبەجێکردن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادەکاریی کردووە هەر لەگەڵ دەستپێکی ئاگربەستەکە، وەکو قۆناغی یەکەم هەزار و 300 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێتە کەرتی غەززە.