ڕێکخراوی نێودەوڵه‌تی کۆچ: ته‌رمی ته‌نیا 378 کۆچبەر دۆزراونه‌ته‌وه‌

وێنەی ئەو منداڵانەی لە ڕێگەی کۆچدا لە دەریا خنکان
وێنەی ئەو منداڵانەی لە ڕێگەی کۆچدا لە دەریا خنکان

بەشێک لەو کۆچبەرانە کە ساڵانی رابردوو لە دەریادا خنکاون نەتوانراوە تەنانەت تەرمەکانیشیان بدۆزرێتەوە، لەناویاندا ژمارەیەکی زۆریان منداڵی 1 تا 10ساڵیان تێدایە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵه‌تی کۆچ ، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتانی دونیاوە ساڵی ڕابردوو کۆچیان بەرەو ئەورپا کردووە و خنکاون ، تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرەگەڕاوەکانی ئەوروپاش ده‌ڵێت: ئه‌وروپا ئه‌و به‌هه‌شته‌ نییه‌ گه‌نجه‌كانمان له‌ پێناویدا قه‌ده‌ری خۆیان بده‌نه‌ ده‌ست قاچاخچییه‌كان .

بە گوێره‌ی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ، ساڵی 2024 ساڵێکی پڕ کارەسات بووە بۆ کۆچبەران ، چونکە بەشی زۆری قوربانیەکان کە بەهەزاران مەزندە دەکرێ لەدەریادا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە ئەوەی دۆزراونەتەوە ژمارەیان تەنیا تەرمی 378 کۆچبەر بووە.

پیشانگایەکی وێنەی قوربانیانی ڕێگەی ئەوروپا و جێهێشتنی وڵات لە دەڤەری ڕاپەڕین کرایەوە وەک بەشێک لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و گەنجان لە مەترسی کۆچی نایاسایی.

بەپێی زانیارییەکان، ئەوانەی وێنەیان لە پیشانگەکەدا نمایشکرا، بەشێکیان دوای نقومبوون و تێکشکانی بەلەمەکانیان تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و بەشێکیان دیکەیان  چارەنوسیان نادیارە ، بەڵام هێشتا تروسکای ڕوناکیەک لە دڵی کاسوکاریاندا هەیە کە لەژیاندا مابن.

پشتیوان 18 بەهاری تەمەنی بوو کە بەلەمەکەیان کۆتایی ساڵی 2021 لەکەناڵی ئینگلیز نقووم بوو، وێنەکەی لە پیشانگاکە نمایشکرابوو، پیاوێکی سەر و ڕیش سپی لە چاوەڕوانی و حەسرەتی دەرکەوتنی هەواڵێک لە کوڕەکەی بوو ، دوای 3 ساڵ هێشتا ئومێدی هەیە هەواڵێکی وەک موژدەی مانەوەی کوڕەکەی بۆ بێت.

رەسووڵ فەرخە حوسێن، باوکی پشتیوان دەڵێت: دڵم پێم دەڵێت کوڕەکەم ماوە، متمانەم بەخوای گەورە هەیە، دەشڵێت: کە پشتیوان ڕۆیی تەمەنی 18 ساڵ بوو، ئێستا بووەتە 22 ساڵ ئەگەر مابێت، ئاماژە بەوەش دەکات کە دوو قاچاخچی بەهۆی ئەو کەیسەوە دەستگیر کراون و هەردووکیان کوردن، یەکێک لە کوردستان و ئەوی دیکەش لە بەریتانیا گیراوە، جگەلەو 10 پۆلیسەی دەستییان هەبووە لەو پرسە، دەستگیر کراون.

بەکر عەلی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا گوتی: ناکرێت گەنجانی کوردستان بکەونە سەر شەپۆلی نا ڕاستی قاچاخچییەکان، ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە کە گیانی خۆیان بۆ فیدا بکەن.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ، ساڵی 2024 ساڵێکی پڕ کارەسات بووە بۆ کۆچبەران ، چونکە بەشی زۆری قوربانیەکان کە بەهەزاران مەزندە دەکرێ لەدەریادا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە ئەوەی دۆزراونەتەوە ژمارەیان تەنها تەرمی 378کۆچبەر بووە.