سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دەکەنەوە. 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەبوزەبی پایتەخت، لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان؛ سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) کۆبووەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات جەختیان لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردووەتەوە.

هاوکات سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، خۆشحاڵیی خۆی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات دەربڕیوە.