د. سامان بۆ کەسوکاری چوار کۆچکردوو بە کۆرۆنا: لە پیرۆزترین ئەرکدا گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بۆ کەسوکاری چوار کارمەندی تەندروستی، کارگوزار و شۆفێری میلاکی وەزارەتەکەی، سەرەخۆشییان لێدەکات و دەڵێ "ئەوان لە پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتی گیانیان لەدەستدا".

دەقی پرسەنامەکەی وەزیری تەندروستی:

بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە بەناوی وەزارەتی تەندروستی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی هەر چوار خوالێخۆشبووی کارمەندی تەندروستی و کارگوزار و شوفێرەکانی میلاکی وەزارەتی تەندروستی دەکەین لە شاری سلێمانی و دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین کە بەداخەوە بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتی گیانیان لەدەستدا.

پزیشكان و كارمەندان و فەرانبەرانی تەندروستی لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا جیهانیەن کە بەتەواوی تواناكانیانەوە كاردەكەن بۆ ئەوەی گیانی هاووڵاتیان بپارێزن و بەردەوام لە هەموو كارەساتەكان لە سەنگەری بەرگریبوون سڵیان نەکردۆتەوە.

لێرەوە دوبارە هاوخەمی و پرسەی خۆمان بۆ كەسوكاری قوربانیان دەردەبرین، داواكارین لە خوای گەورە بە بەهەشتی بەرینیان شاد بكات و سەبووری بە كەسوكار و دۆستان و هاوپیشەکانمان بدات.

هاوكات داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن بۆ ئەوەی بتوانین لەم پەتایە ڕزگارمان بێت.

انا لله وانا الیه راجعون . . .

د. سامان حسین بەرزنجی

وەزیری تەندروستی/ حکومەتی هەرێمی کوردستان

23 حوزەیران 2020