پەرلەمانی عێراق.. ئاستەنگ بۆ هەمواری یاسای بودجە دروست دەکرێت

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیان بایکۆت کردووە و نایانەوێت دەنگ لەسەر هەمواری یاسای بودجە بدرێت.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە، کارنامەی کۆبوونەوەکە لە هەشت بڕگە پێکهاتبوو، بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: بڕگەی یەکەم دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانی عێراق درا، بەڵام لە بڕگەی دووەم کە تایبەت بوو بە هەمواری یاسای بودجە، زۆرینەی پەرلەمانتارە شیعەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی و کۆبوونەوەیان جێهێشت و ڕێژەی یاسایی ئامادەبوونیان شکاند.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم کاردانەوەی دژی ئەو ژمارە پەرلەمانتارە بڕیاری دا، هەر کەسێک هۆڵی کۆبوونەوە جێبهێڵێت بە نەهاتوو هەژمار بکرێت و سزا بدرێت.

پەیامنێری کوردستان24، گوتی: سەرەتا 167 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام دواتر ڕێژەکە بووە نزیکەی 155، هەروەها لە کافتریای پەرلەمانیش گرژییەکی زۆر هەیە و کوردەکان داوا لە شیعەکان دەکەن بگەڕێنەوە نێو هۆڵ و چونکە هەمواری یاسای بودجە کە خاڵێکی تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقە.

باسی لەوەش کرد، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، سوونییەکان و  حکوومەتی عێراقیش، هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچینوە کە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردنەوەی نەوت چارە دەکرێت، بەڵام شیعەکان بەهۆی کۆمەڵێک بیناووەوە تا ئێستا ڕێژەی یاسایی کۆبوونەوەکەیان شکاندووە.