مێدیاکانی ئیسرائیل: سێ بارمتە ڕادەستی سوپا کراونەتەوە

مێدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، سێ بارمتە ڕادەستی سوپای ئیسرائیل کراونەتەوە، لە بەرانبەردا حەماس پشتڕاستی هەواڵەکەی کردەوە و گوتی: پابەندن بە ڕێککەوتی ئاگربەستەکە و ئەم کارەیان ئەنجام داوە.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، مێدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، سێ بارمتە حەماس ئازادی کردوون و ڕادەستی سوپای ئیسرائیل کراونەتەوە. لای خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا هەواڵکەی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، پابەندن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە و وەک قۆناغی یەکەم سێ بارمتەیان ئازاد کردووە.

لەلایەکی دیکەوە دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند: سێ بارمتە کە حەماس ئازادی کردوون، لەلایەن خاچی سوورەوە ڕادەستی سوپای ئیسرائیل کران.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، بزووتنەوەی حەماس، بڵاوی کردەوە، لیستی ناو و وێنەی ئەو سێ بارمتە ئیسرائیلییەی ڕادەستی نێوەندگیرەکان (ئەمەریکا، قەتەر و میسر) کردووە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا ئازاد بکرێن.