جۆ بایدن: پێویستە ئیدارەی ترەمپ ئاگربەستی غەززە جێبەجێ بکات

جۆ بایدن
جۆ بایدن

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کە سبەی کۆتایی بە پۆستەکەی دێت و دۆناڵد ترەمپ شوێنی دەگرێتەوە، دەڵێت: پێویستە ئیدارەی ترەمپ ئاگربەستی غەززە جێبەجێ بکات.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ نزیکەی 700 بارهەڵگریی مرۆیی وەک قۆناغی یەکەم دەگاتە نێو غەززە، دەشڵێت: ئێران لاواز بووە و حزبولڵای لوبنانیش بێ سەرکردایەتی ماوە.

جۆ بایدن ئاماژە بەوە دەکات، ئاگربەستی غەززە دەستکەوتێکی سیاسییە، ئەو گوتانەی بایدن لە کاتێکدایە کە بایدن ئاگربەستی غەززە بە دەستکەوتی خۆی دەزانێت، دۆناڵد ترەمپیش ئاماژە بەوە دەکات کە ناتانیاهو بە قسەی ئەو وازیان لە شەڕی غەززە هێناوە.

هەر ئەمڕۆ مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ئەگەر حەماس پاشەکشە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، ئەوە ئەمەریکا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات بۆ هەر کارێک کە پێویست بێت دژی حەماس.

ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای 15 مانگ لە هێرش و ڕووبوونەوەی نێوان حەماس و ئیسرائیل و کوژران و برینداربوون و ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی، ئاگربەستی غەززە لە کاتژمێر هەشت و نیوی بەیانی کەوتە واری جێبەجێکردن، لە نیشاندانی یەکەم هەڵوێستی خۆی، حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی ڕادەستی خاجی سووری نێودەوڵەتی کرد بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە ئیسرائیل. ئیسرائیلیش  ڕایگەیاند: سێ بارمتەکە گەیشتوونەتەوە ئیسرائیل.