شاندێکی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

شاندێکی هەرێمی کوردستان، بۆ مەبەستی چارەکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەکە و هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمەکە بەرەو شاری بەغدا بەڕێکەوت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانج لە سەردانەکە چارەکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
وەزارەتەکە دەڵێت: ئامانجێکی دیکەی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر هەمواری خشتەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2025.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سبەینێ دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومەتی فیدراڵی دەست پێدەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیر، سەرۆک فراکسیۆن و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەران کرد.
لە میانی کۆبوونەوکەدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، چی دیکە ئەم مامەڵەیەی ئێستەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکەن و دەبێت پەیوەندیی هەولێر و بەغدا ڕاست بکرێتەوە.