وەزارەتی داد: ساڵی ڕابردوو مامەڵەی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی لە فەرمانگە دادوەرییەکان ڕایی کراوە

وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەینێت، ساڵی رابڕدوو، مامەڵەی یەک ملیۆن و 108هەزار 842 هاووڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، لە فەرمانگە دادوەرییەکان ڕایی کراوە.

یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک، بڵاویکردووەتەوە: لەماوەی 2ـی کانوونی دووەمی 2024 تا 30 تشرینی دووەمی 2024 یەک ملیۆن و 108 هەزار و 842 مامەڵە بۆ هاووڵاتییان لە فەرمانگە دادوەرییەکانی سەرجەم پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕایی کراوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، هەر لەو ماوەیەدا، چوار هەزار و 343، دۆسیەی جێبەجێکار تەواوکراون و 22 هەزار 630 دۆسیەی جێبەجێکاری نوێ کراونەتەوە، جگە لەوەش 12 هەزار و 488 مامەڵە لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆشگوزەرانی مێرمنداڵان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و دامودەزگا سەربەخۆکان ڕایی کراوە.

وەزارەتی داد، باسی لەوەش کردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی فەرمانگەکانی داد، یەکێکە لە گرنگترین بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتی داد لە حکوومەتی هەرێم و بەپێی یاسای ژمارە 13ـی ساڵی2007ـی وەزارەتی داد کار دەکات.

فەرمانگەکانی دادنووس بە پێی (یاسای دادنووسان) ژمارە 33ـی ساڵی 1998ـی بەرکار و هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان – عێراق، بە یاسای ژمارە 33ـی ساڵی 2012 کار دەکەن، هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکانی جێبەجێکردن بە پێی یاسای ژمارە 45ـی  ساڵی 1980 کار دەکەن. 

بەڕێوبەرایەتی ناکامانیش بە پیێ یاسای ژمارە78ـی ساڵی 1980 کار دەکەن.