هەرێمی کوردستان.. دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەست پێدەکاتەوە

لیژنەی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە نزیکترین کاتدا دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەست پێدەکاتەوە.
یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، لیستی ناوی 200 هەزار فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکان ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە، پێشبێنی دەکەین، لە ئایندەیەکی نزیکدا، پەسەندکردنی ناوەکان بگەڕێتەوە.
سەربەست مەولوود، گوتیشی: لە قۆناغی یەکەم دا، ئەنجوومەنی وەزیران 15هەزار ناوی پەسند کرد و لە چەند شوێنێک تیروپشک بۆ ناوەکانیان کرا، ئەوانەی دیکەش تیروپشک بۆ ناوەکانیان دەکرێت.
سەربەست مەولوود باسی لەوەشکرد، ئەگەر هیچ گرفتێک دروست نەبێت، بە دڵنییاوە، ئەمساڵ لیستی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم، لە ئەنجوومەنی وەزیراندا پەسەند دەکرێت و سەرجەمیان دەبنە خاوەنی زەوی.
ساڵی ڕابردوو دابەشکردنی زەوی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە قۆناغی یەکەم دا نزیکەی 10هەزار کەس، سوودمەندبوون.