گوتەبێژی یەکێتی: پێویستە ئاستی داخوازییەکانمان لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکە بگونجێنین

لێدوانی ڕۆژنامەوانیی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

گوتەبێژی یەکێتی دووپاتی دەکاتەوە، هاوکاریی وڵاتان تا هەتایە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام نابێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان ئاستی داخوازییەکانیان لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکە بگونجێنن.

دووشەممە، 20-01-2025، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی بارودۆخی ئێستەی سووریا و ناوچەکە، پێکهێنانی حکوومەت و چەند پرسێکی دیکە؛ وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان، گوتەبێژی یەکێتی گوتی: "هەڵبژاردنمان کردووە و خەڵک چاوەڕێیە. کێشەمان هەیە، بەڵام کێشەکان هێندە گەورە نین، هەرێمی یەکگرتووی کوردستان و لایەنە سیاسییە یەکگرتووەکان، نەتوانن چارەسەریان بکەن."

گوتەبێژی یەکێتیی ئاماژەی بەوەش کرد "بە ڕەچاوکردنی هەستیاریی و بارودۆخی ئێستەی ناوچەکە و ئەو پشتگیرییەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەمانە؛ پێویستە هەموو لایەکمان ئاست (سەقف)ـی داخوازییەکانمان لەگەڵ بارودۆخەکە بەرەو ڕێککەوتن بگونجێنین. بۆ ئەوەی ئێمە سوود لەو بارودۆخە سازە وەربگرین کە بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە؛ بە پێچەوانەوە، ئێمە بە دەستی خۆمان، خۆمان تووشی کێشە دەکەین."

سەعدی پیرە دووپاتی کردەوە: "ئەو وڵاتەنەی هاوکاریمان دەکەن، تا هەتایە هاوکاریمان ناکەن. ئەوان نوێنەری وڵاتی خۆمانن. نوێنەری کورد، کورد خۆیەتی و ئەوان لە کورد، کوردتر نین."