هەوڵ بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری تەندروستی عێراق دەدرێت
بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا
K24 - هەولێر
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی فەتح ئاشکرایکرد، بە نیازن واژۆ بۆ سەندنەوەی متمانە لە حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق کۆبکەنەوە.
کەریم علێوی، پەرلەمانتار باس لەوە دەکات، حەسەن تەمیمی نەیتوانیوە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرکەوتووبێت، داواشی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ناوی جهعفهر سادق عهلاوی، وەزیری پێشووی تەندروستی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی متمانەی پێبدرێت.
علێوی ئاماژەی بە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوونی دۆخی تەندروستی کرد بەهۆی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەت لە پارێزگاکانی: میسان، زیقار، نەجەف و واست.
ئەوە داواکارییە لەکاتێکدایە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە عێراق ئەوەندە خێرا بووە، کە وڵاتەکەی کردووە بە چوارەم وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان بەو پەتایە.
داتاکان نیشانی دەدەن، لە 12ـی مانگی ئایارەوە تووشبوون بە کۆرۆنا زۆر بڵاوبووەتەوە و، تائێستا (چوارشەممە، 24-6-2020) لە عێراق 34 هەزار و 502 کەس تووشی پەتا جیهانییەکە بوون و، هەزار و 151 کەسی دیکەش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
هـ.ر.