دۆناڵد ترەمپ بڕیار دژی هاوڕەگەزخوازان و کۆچبەران دەردەکات

عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات, چاوەڕێ دەکرێت دۆناڵد ترەمپ 200 بڕیار دەربکات، یەک لەو بڕیارانەش دژی هاوڕەگەزخوازان و ئەوانەن کە ڕەگەزی خۆیان دەگۆڕن، هاووڵاتییانی ئەمەریکاش پێیان وایە، دۆناڵد ترەمپ بڕیاری سەیر و سەمەرە دەردەکات.
دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لە ئەمەریکا ئاشکرای کرد، هاووڵاتییان و شەقامی ئەمەریکا چاوەڕوانی بڕیاری سەیر و سەمەرە لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن، وەک زانراویشە، دۆناڵد ترەمپ 200 بڕیار دەردەکات، ژمارەیەک لەو بڕیارانەش پوچەڵ کردنەوەی بڕیارەکانی پێشووی ئەمەریکا جۆ بایدنە.
عیسا حەسەن ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ بە دوو ئینجیل سوێند دەخوات، یەکیان هی دایکیەتی کە ساڵی 1955 پێی داوە، ئەوەی دیکەش ئەبراهام لینکۆڵن سوێندی پێ خواردووە ساڵی 1761.
دەشڵێت: چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ 200 بڕیار ئیمزا بکات کە سەرۆکەکانی پێشووتری ئەمەریکا لەگەڵ دەستپێکی وەرگرتنی دەسەڵاتیان دەریان نەکردووە، لەوانەش زیاتر لە 10 بڕیار تایبەتە بە پرسی کۆچبەری و کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی، لەگەڵ ناردنی هێزی سەربازیی بۆ سنوورەکان، لەگەڵ دیپۆرت کردنەوەی کۆچبەرە نا یاساییەکان، بەتایبەت ئەوانەی تاوانیان کردووە.
هاوکات ترەمپ بڕیار لەبارەی ڕەگەزی دەردەکات، لەگەڵ ئەوەی چەندین جار دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە لەوەی تەنها دوو ڕەگەزی نێر و مێ هەیە لە ئەمەریکا، ئەوەش بڕیارێکە بەرامبەر ئەوانەی ڕەگەزی خۆیان گۆڕیووە.
عیسا حەسەن ئاشکرای دەکات، دۆناڵد ترەمپ بڕیارێکی تایبەت بە بازرگانی و سەپاندنی پێناسی گومرگی بۆ سەر هەندێ وڵات کە دژی ئەمریکان دەردەکات، لەگەڵ لێخۆشبوون بۆ ئەوانەی لە 6ـی کانوونی دووەمی 2021 هەڵیان کوتاوەتە سەر باڵەخانەی کۆنگریس و ژمارەیان زیاتر لە 1200 کەسن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، بڕیارەکانی جۆ بایدن دەربارەی وەبەرهێنانی وزە پوچەڵ دەکاتەوە، چەندین بڕیاری دیکەش دەدات، سەرباری ئەوەی زۆرێک لە بڕیارەکانی بردووەتە کۆنگریس، هاووڵاتییانی ئەمریکاش چاوەڕێی بڕیاری سەر سوڕهێنەری لێدەکەن.