گۆڕانی کەشوهەوا زیانی بۆ هەنگوینی هەرێمی کوردستان هەبوو

لە دووساڵی ڕابردوودا، گۆڕانی کەشوهەوا بەگەشتی و بەتایبەتیی لە هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەنگوینی هەرێمی کوردستان هەبوو، سەرۆکی ڕێکخراوی هەنگەوانانیش دەڵێت: بەرهەمی هەنگوین کەمی کردووە.
دووشەممە، 20ــی کانوونی دووەمی 2025، ئەحمەد پشدەری، سەرۆکی ڕێکخراوی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: گۆڕانی کەشوهەوا، زیانی زۆری بۆ هەنگوینی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەم هۆیەوە، ڕێژەی بەرهەمی هەنگوین لە دووساڵی ڕابردوودا کەمی کردووە، به شێوهیهك ساڵی ڕابردوو (2024)، تاوەکوو مانگی ئایار باران بەردەوام بوو، ئەمەش زیانی بۆ هەنگەکان دروست کرد و بەرهەمی هەنگوین كهمی كرد.
ئەحمەد پشدەری، گوتیشی: هەناردەکردنی هەنگوین بۆ دەرەوە، یەکێک لەو کارانە بوو، دڵخۆشی هەنگەوانانی بەدوای خۆیدا هێنا و هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ ساغکردنەوەی هەنگوینی هەرێمی کوردستان و به بازاڕكردنی له بازاڕهكانی دهرهوه.
پێشووتر، سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوتبوو: لە هەرێمی کوردستان 16 هەزار هەنگەوان هەیە، بەڵام ئێستا ژمارهیان بهرز بووهتهوه.
رێژەی بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022ـدا گەیشتە نزیکەی هەزار و 100 تۆن، بەڵام بەهۆی بوونی وەرزی بارانبارینی درێژخایەن لە هەرێمی کوردستان کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێژەی بەرهەمی هەنگەکان هەبوو، بۆیە لە ساڵی 2023 ڕێژهی بهرههم بریتی بوو لە 550 تۆن، بەڵام بۆ ساڵی 2024، هیچ ئامارێکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە.