شاندی هەولێر و بەغدا جەخت لەچارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە

شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە بۆ ساڵی 2025.

دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025،  بەسەرپەرشتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو. 

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە 2025، هاوکات داواکاریەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی ساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو ، هەروەها گفتوگۆی لەبارەوە کرا . 

وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە، هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت، تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت. 

هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن، هاوکات ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025. 

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025،  شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.