سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: ئامانجمان پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە، تاوەكوو پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرە پێبدەین. لەلایەکی دیکەوە جەختی لە هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغداوە كردەوە و ئاماژەی بەوە دا، چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جیددی لە بەغدا دەکرێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت.
دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025, مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس، لە ڕێوڕەسمێکدا (ماڵی كوردستان)ـی كردەوە و ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارین لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس.
لە ڕێوڕەسمەکەدا كە عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك وەزیران، گوتی: سوپاسی ئەوانە دەکەم کە ڕۆڵیان لە دروستكردنی ماڵی كوردستان لە داڤۆس هەبووە، بە تایبەتیش خالید خۆشناو کە ئەرکی بۆ دروستکردنی ماڵی كوردستان لە داڤۆس كێشاوە. هەروەك ئەوەشی خستە ڕوو كە هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە، تاوەكوو پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرە پێبدەین.
مەسرور بارزانی، لە بەشێكی دیكەی گوتەکەیدا یادی شەهید پێشڕەو دزەیی كردەوە و گوتی: جێی خۆیەتی لێرە یادی برای شەهیدمان، شەهید پێشڕەو بکەین کە ساڵی ڕابردوو بە نیاز بوو لەگەڵمان بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی چەند گرفتێک هاتە پێشی، نەیتوانی بەشدار بێت، کەچی بەداخەوە بە شێوەیەکی ستەمکارانە شەهید بوو، ئێمە یادی بەرز ڕادەگرین و خۆشحاڵم ئەمساڵ کاک ڕۆژی کوڕی شەهید پێشڕەو دزەیی لەگەڵ ئێمە بەشدارە، پشتیوان بە خوای گەورە، شوێنی شەهید پێشڕەو دزەیی باوکی پڕ دەکاتەوە.
هەروەك تیشكیشی خستە سەر پرۆسەی دەستبەكاربوونی سەرۆكی تازەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ ئەمەریکا وەسف كرد، بەهۆی سوێندخواردنی ترەمپ و بە فەرميی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆکی ئەمەریکا. بەم بۆنەیەشەوە بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ كرد و هیوای خواست بتوانین پەیوەندییە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریکا پەرەپێبدەین و وەکوو هاوپەیمانێک بەردەوام بین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە پەرە پێبدەین و بیپارێزین. لە هەمان كاتدا هیوای ئەوەشی خواست كە ئەمەریکا زیاتر یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات، بە تایبەتیش لە ڕووی پاراستنی هەرێمەكەمان و پێشخستنی ئابوورییەكەی.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، تیشكی خستە سەر گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە و نموونەی بە گۆڕانكارییەكانی سووریا هێنایەوە و گوتی: ئەمە وایكردووە خەڵكی ئێمە چاوەڕێ بێت بزانێت ئەو گۆڕانکارییە بەرەو کوێ دەچێت، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە کێشەکان تێوە نەگلێین، بەڵام ئەگەر بتوانین ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینین لە باشترکردنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە، درێخی ناکەین و هەر لەم ڕوانگەیەوە چەندین دیدار و سەردانمان کردووە بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق، تاوەكوو ئێمە بتوانین ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە بمێنێت و خوانەخواستە کێشە و گرفتەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئێمە نەکات.
گوتیشی: پێویستە كوردستان بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییە باشانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن. جەختی لەوەش کردەوە، هیچ شتێك لەوە باشتر نییە کە ئێمە لە کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ و یەکڕیز بین، هەوڵی جددیش هەیە لەنێو کوردستان کە ئێمە بیر و بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە، بەڵام لە سووریاش لەسەر بانگهێشتی سەرۆک بارزانی، مەزڵووم عەبدی سەردانی هەولێری کرد، هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستان لە سووریا قسەی کردووە کە بەیەکەوە بتوانن یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بنوێنن، هاوکات بە یەکەوە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن. ئێمە هیوادارین بگەنە ئەنجامێک لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، بەڵکو خەڵکی کوردستان لە ڕۆژئاوا بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن و بتوانین دۆخێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان لە ناوچەکە دروست بکەین.
هەر لەو گوتەکەیدا، سەرۆك وەزیران، باسی لە هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغداوە كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جیددی لە بەغدا دەکرێ بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت. هاوكات جەختیشی لە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان كردەوە. لەم چوارچێوەیەشدا سوپاسی هەریەك لە سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیرە کوردەکان و ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، لە بەرامبەر ئەوەی كە هەموویان هاوکار و پشتیوان بوون لەوەی بتوانن گفتوگۆی باش ئەنجام بدەن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە چاوەڕێی ئەوەن گفتوگۆکان بکرێن بە کردار، چیتر بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەبێتە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.
هەروەك گوتیشی: "ئومێدەوارم ئەمساڵ ساڵێکی باش بێت بۆ خەڵکی کوردستان. بوونی ئێوە لێرە، دەکرێت زۆر کاریگەر بێت لەوەی ئێمە چیتر تەنیا چاومان لەوە نەبێت كە مووچە ببێتە تەنیا سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکوو بەهۆی بوونی ئێوە و کەرتی تایبەت کە بەشێکی سەرەکیی سیاسەت و ئەجێندای حکوومەتی ڕابردوو و هیوادارم هی داهاتووش بێت، کەرتی تایبەت كە ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی بگێڕێت لە پێشخستنی ئابووری و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق. هیوادارین هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی هەموو عێراق بووژانەوەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت، هیوادارم لەو کۆڕبەندە بتوانن پەیوەندیی باش لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دروست بکەن، وا بکەن وەبەرهێنانی زیاتر لە کوردستان بکەن".

