سەرۆکی پەنەما هۆشداریی دەداتە ترەمپ

خۆسێ ڕائول مۆلینۆ، سەرۆکی پەنەما وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە کە لە مەراسیمی دەستبەکاربوونیدا گوتی کەناڵی پەنەما دەگەڕێنینەوە ژێر دەستی خۆمان.
خۆسێ ڕائول مۆلینۆ، سەرۆکی پەنەما لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' گوتی: "کەناڵی پەنەما هی پەنەمایە و هەروا دەمێنێتەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "کەناڵی پەنەما سەر بە پەنەمایە و لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا دەمێنێتەوە و بە بێلایەنی و هەمیشەیی"، گوتیشی "پەنەما کەناڵەکەی بەڕێوەبردووە، لەبەر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە جیهان و کەرتی بازرگانی."
ترەمپ لە کاتی وتاری دەستبەکاربوونیدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا کەناڵی پەنەما دەگەڕێنێتەوە ژێر دەستی خۆی، جەختیشی کردەوە، "ئامانجی ڕێککەوتنەکەمان و ڕۆحی پەیمانەکەمان بە تەواوی پێشێل کراوە."
ترەمپ باسی لەوەش کرد، "بەهۆی ئەم دیارییەوە مامەڵەی زۆر خراپمان لەگەڵ کرا" هەرگیز نەدەبوو ئەوەمان لەگەڵ بکرێت، پەنەما وەفای بەرامبەر ئەو بەڵێنە نەبوو کە پێیداین."
ترەمپ ئاشکراشی کرد، "ئێمە کەناڵەکەمان نەدا بە چین، بەڵکو بە پەنەمامان بەخشی."
کەناڵی پەنەما لەلایەن ئەمەریکاوە دروستکراوە و لە ساڵی 1914 کرایەوە. هەروەها جیمی کارتەر سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە ساڵی 1977 ڕێککەوتنێکی کرد، کە لەساڵی 1999 بەڕێوەبردنی کەناڵەکە درایە پەنەما.
کەناڵی پەنەما ڕێڕەوێکی ئاوی دەستکردە و درێژییەکەی 82 کیلۆمەترە و زەریای هێمن و ئەتڵەسی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەو گەشتەی کە کەشتییەکان کە لە لۆس ئەنجلسەوە بەرەو نیویۆرک بەڕێدەکەون لە ڕێگەی کەناڵەکەوە دەڕۆن، نزیکەی 8 هەزار میل 22 ڕۆژ کورتترە لە گەشتکردن بە گەرووی ماگێلان لە دەریای تیێرا دێل فێگۆ، کە دوورگەیەکە لە باشووری ئەمەریکای لاتین.