لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک پێنج کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران و بریندار بوون

سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەجەف بڵاویکردەوە، لە کاتی دەستگیرکردنی داواکراوێک لە باکووری نەجەف، پێنج کارمەندی هێزە ئەمنیەکان کوژراون و برینداربوون.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە بە میدیای ناوخۆی گوت:  " لە پارێزگای نەجەف هێزێکی ئەمنی لەگەڵ تۆمەتبارێکی داواکراو ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا ئەفسەرێک لە هێزە ئەمنییەکان کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون، کە دوو لە بریندارەکانیش ئەفسەر بوون."

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا گوتی: لەو شەڕە چەکدارییەدا کە لە باکووری شاری نەجەف ڕوویدا، یەکێک لە ئەفسەرەکانی و پۆلیسێک کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکراوە، "زانیاریی وردمان هەبووە، کە ئەو تۆمەتبارە تایەی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی لە گەڕەکەکانی باکووری نەجەف سووتاندووە، بۆیە دەستبەجێ تیمێکی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە پێکهێنراوە."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونەکان، ناسنامەی تۆمەتبارەکە دەستنیشانکرا و لەکاتی ڕاوەدوونانیدا لەلایەن دەورییەکانی پۆلیسەوە، دەستگیرکرا و ڕادەستی دادگا کرا بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆی بەوپێیە وەربگرێت."

لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی کوژرانی ئەفسەرێک و برینداربوونی چواری دیکە."