لە بەغدا تەقینەوەیەک حەوت ئەفسەری کردە قوربانی

شانەی ئەمنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە حەوت ئەفسەر لە تەقینەوەیەکدا بوونەتە قوربانی.
شانەی ئەمنی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025، دوای گەیشتنی زانیاریی لە بارەی بوونی جبەخانەیەکی کۆنی سەربازی لە ناوچەیەکی ناوچەی ئەلبو غەنتووس لە سنووری شارۆچکەی تارمیەی باکووری بەغدا، دوای چوونی هێزێکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی لەگەڵ هێزێکی سەر بە لیوای 23ی پیادەی سوپای عێراق، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە، تەقینەوەیەک ڕووداوە و سێ ئەفسەر گیانیان سپاردووە و چوار پلەداری دیکەیش برینداربوون.
هەروەها ئاماژەیداوە، هەرچەندە دۆزینەوە و هەڵگرتنەوەی شوێنێکی وەها و نەهێشتنی پاشماوەکانی تەقەمەنی، ئەرکی بەشی ئەندازیاری سەربازییە، بەڵام لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە پێکهێنراوە و بۆ بەدواداچوون لە ڕاستییەکان و چۆنێتی ڕوودانی تەقینەوەکە.
هەروەها دەنگۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕەتیکردووەتەوە، گواتە تەقینەوەکە بەهۆی کردەیەکی تیرۆریستییەوە بووبێت یان شەڕ و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ تیرۆریستان ڕوویدا بێت.