هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەناو بازاڕی سلێمانی قەدەغەکرا
چەند بڕیارێک لە پارێزگای سلێمانییەوە
K24- سلێمانی:
لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دوای ڕاوێژو ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تایبەت بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بڕیاریدا بە:
1- جەختکردنەوە لەسەر جێبەجێکردن و بەدواداچوونی تەواوی ئەو بڕیارانەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 20/06/2020ی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا دراون و بە نووسراوی ژمارە (125) لە (20/06/2020)ی پارێزگای سلێمانی/ نووسینگەی تایبەتدا، گشتاندنیان بۆ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان پێ کراوە.
2- لە ڕۆژی (25/06/2020)وە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا ڕادەگیرێت و هاووڵاتیان بەپێی ڕێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنها بە پێ دەتوانن هاتووچۆو بازاڕ بکەن.
3- دابەشکردنی موچە لە ڕۆژانی ئایندەدا دەستپێدەکات و لەکاتی پێویستدا فەرمانگاو خەزێنەو بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستییەکان و، فەرمانگەکان بەپێی لیستی موچە بەهەمان ڕێکارو ڕێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەکرێت موچە دابەش دەکەن.
4- پێویستە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی هەمان ئەو بڕیارو ڕێکارو ڕێنماییانە جێبەجێ بکەن، کە لەم نوسراوەو نوسراوی ژمارە (125)ی ڕۆژی (20/06/2020)ی پارێزگای سلێمانیدا دیاریکراون و بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانیشیان دەسەڵاتی تەواویان هەیە ڕێکاری تر بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگرنەبەر.