ڕێبوار هادی: لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان یەکدەنگ بوون
سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ڕژێمی بەعس، تایبەت بە گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، یەکێک بوو لەو مەرجانەی کە سەرۆک بارزانی لە کاتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق فەرزی کردبوو کە دەبێت جێبەجێ بکرێت.
سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕێبوار هادی، سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە یەکدەنگی هەموو لایەنە کوردستانییەکان پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ڕژێمی بەعس بە تەواوی دەنگی لەسەر درا.
باسی لەوە کرد، داگیرکردنی زەوی کوردەکان لە کەرکووک، زووڵمێکی زۆر گەورەبوو، خۆشبەخاتە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس، یەکێک بوو لەم مەرجانەی سەرۆک بارزانی لە کاتی پێکهێنانی کابیەنەی نوێی حکوومەتی عێراق فەرزی کردبوو، کە دەبێت ئەم بڕیارانە هەڵبوەشێنەوە و چیدیکە ئەم زووڵمە بەردەوام نەبێت.
سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەو بڕیارانەی کە پێشتر دەرچووبوون تایبەت بە داگیرکردنی زەوی کورد و تورکمانەکان لە ناوچە کوردستانییەکان سەرجەمیان هەڵدەوەشێنەوە و زەوییەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی خۆیان.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، بە کەمتر لە مانگێک بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و، داگیرکاری لە گوندی جووتیارە کوردەکان نامێنێت.
سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و خوێندنەوە لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەنگ بە پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان درا.
لەم بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دوای 50 ساڵ لە داگیرکاری و 20 ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس، پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەنگی لەسەر درا.
گوتیشی: گەڕاندنەوەی زەوی داگیرکراوی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوێکی گەورەی پەرلەمانی عێراقە و دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە دا.
جەختی لەوەش کردەوە، سەرخستن و دەنگدان بەم پڕۆژە یاسایە بە شەونخونی و یەکدەنگیی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان بووە و گرنگە ئەو یەکڕیزییە بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکان بەردەوام بێت.