بەرپرسێکی نەیجیریا: پێنج هەزار ئافرەتی نەیجیری لە عێراق گیریان خواردووە

لێژنەی کارووباری نەیجیرییەکانی دەرەوەی وڵات، ڕایگەیاند، زیاتر لە پێنج هەزار ئافرەتی نەیجیریا لە عێراق گیریان خواردووە، دوای ئەوەی بۆ کارکردن چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئابیکە دابیری ئەریوا، سەرۆکی لێژنەکە بە میدیاکانی نەیجیریای گوت: "زۆرێک لەو ئافرەتانەی چوونەتە عێراق ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبنەوە، گوتیشی، لەم دواییەدا پیاوێک خێزانەکەی ناردووەتە عێراق بۆ ئەوەی وەک خزمەتگوزار کاربکات، بەڵام لە دۆخێکی گوماناویدا گیانی سپاردووە.
سەرۆکی لێژنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئافرەتەکە و بەدواداچوون بۆ هۆی گیان سپاردنەکەی دەکەن، هەروەها هۆشدارییشی دا لە مەترسیەکانی کۆچی نا سەلامەت."
ئەریوا، جەختی کردەوە، کە گرنگە بەدوای دەرفەتە ناوخۆییەکان بگەڕێن، نەک مەترسی بخەنە سەر ژیانی خۆیان لە دەرەوەی وڵات.
ئەو ئاماژەی بەوەش دا، زۆربەی ئەو ئافرەتانەی گەشتیان بۆ عێراق کردووە، بۆ ئەوەی وەک کارگوزار کار بکەن، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، بارودۆخەکە بەو شێوەیە نەبووە کە پێشبینییان دەکرد.
باسی لەوەش کردووە، ئەوان 100 ملیۆن دۆلاریان بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی ئارەزووی دەست پێ کردنی کارێک دەکەن، تەرخان کردووە.