فوئاد حوسێن: هەفتەی داهاتوو هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی کۆ دەبنەوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ساندی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دووەمجار بەڕێوەدەچێت و تێیدا گفتوگۆ لەسەر داهاتی نانەوتی کۆ دەبنەوە، لەگەڵ ئەو ڕێژەی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، دەشڵێت: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمان و دەنگدان لەسەر هەموواری بڕگە 12 کە پەیوەستە بە هانردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

چوارشەممە 22ـی  کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراو لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: سەردان و بەشداری لە کۆڕبەندێکی جیهانیی وەک داڤۆس گرنگە.

گوتی: لەم کۆڕبەندە گرنگانە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکان دروست دەکرێت لە بواری ئابووریدا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرۆک وەزیرانی کوردستان کۆمەڵێک سەرمایەداری لەگەڵ خۆی هێناوە بۆ داڤۆس، ئەو سەرمایەدارانە دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لە گەشەکردنی ئابووری کوردستان، چونکە ئەو کۆڕبەندە ئابوورییە، زۆرینەی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بەشدارییان تێدا کرووە، گرنگە پەیوەندی لەنێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکان دروست بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە یارمەتی ئابووری کوردستان بدەن.

فوئاد حوسێن گوتی: بەداخەوە دوێنێ و پێرێ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ  بە ماددەی 12 لە یاسای بوودجە نەدرا، هەر کاتێک دەنگ بەو بڕگەیە بدرێت، کێشەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چارەسەر دەبێت، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد کە، هەفتەی ڕابردوو لە ماڵی ئەودا،  وەزیری دارایی فیدراڵ و شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەتیان باسکردووە، لەوانەش بابەتی داهاتی نانەوتی، لەبارەی ئەوەی چ ڕێژەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بێت و لەسەر چ بنەمایەکیش بێت، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: هیوادارین لە کۆبوونەوەی دووەم کە هەفتەی داهاتوو لەسەر پرسی داهاتی نا نەوتی و بابەتەکانی دیکە دەکرێت، بگەینە ڕێککەوتن.

لەبارەی گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنکانیان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بڕیارێکی گرنگ بوو کە دەبوو زووتر بدرێت، ئێستا عەدالەت هاتە دی دوای ساڵانێکی زۆر لە زوڵم.

سەبارەت بە بارودۆخی نوێی ناوچەکەش، وەزیری دەرەوە گوتی: ئاسایشی سووریا پەیوەستە بە ئاسایشی عێراق،  زۆر بە وردی چاودێری دەکەین.