كه‌رەنتینی په‌رله‌مانتارانی كوردستان كۆتایی هات

له‌م وه‌رزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كۆمه‌ڵێك پرسی گرنگ تاوتوێ ده‌كرێن

K24- هه‌ولێر:

کەرەنتینی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات و دەرگای پەرلەمان بۆ دەسپێکردنەوەی کارەکانی کرایەوە، سەرۆك و جێگری سەرۆکی پەرلەمان رایدەگەیەنن، هیچ رێگریەك نییه‌ بۆ دەسپێنەکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

له‌م باره‌یه‌وه‌ رێواز فایه‌ق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ رێگریەکی یاسايی و سیاسی بۆ دەسپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان نەماوە، لە بارەی کارەکانی ئەم وەرزەی پەرلەمانيش زانیاری دەخاتە روو.

له‌كاتێكیشدا سەرۆکایەتی پەرلەمان بە دوای دۆزینەوەی میکانزمێکه، بۆ ئه‌وه‌ی سەرۆکایەتی و سەرۆك فراکسیۆنەکان لەسەری رێکەون و بەرنامەی کاری دانیشتن دیاریبکەن, هێمن هه‌ورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: کۆمەڵێك کارنامە هەیە، كه پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر دەکات، بە تایبەت جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و رێکەوتنەکانی هەولێر و بەغدا.

هاوكات شێركۆ جه‌وده‌ت، سەرۆکى فراکسیۆنی یەکگرتووش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دەڵێت، دۆخی کۆرۆنا، خاڵە سنووریەکان، پرسی چاکسازی له خاڵە سنووریەکان و تۆپبارانی ناوچە سنووریەکان گرنگترین ئه‌و بابه‌تانه‌ن، كه پێويسته پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر بکات.

لەم وەرزە پەرلەمانی کوردستان لە بارەی قەرزەکانی حکومەت، تاوتوێی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا، چاودێری  جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و خاڵە سنووریەکان دەكات.

H.B